دەزگای دژەتیرۆری عێراق، دەستگیرکردنی چوار چەکداری داعشی لە بەغدا، ئەنبار، سلێمانی و دیالە ڕاگەیاند، باسی لەوەشکرد، کە چەندین حەشارگەی تیرۆرستەکانیان تێکداوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری عێراق، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە بەغدا چەکدارێکی پاشماوەی داعش دەستگیر کراوە، هاوکات لە پارێزگای ئەنبار چەکدارێکی دیکەی داعش لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لە پارێزگای ئەنبار و دیالە هێزەکانیان توانیویانە دوو تیرۆریست دەستگیر بکەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە پارێزگای سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری سلێمانی، یەکێک لە پاشماوەکانی داعش دەستگیرکرا.
دژەتیرۆری عێراق باسی لەوەشکردووە، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگاکانی (دیالە و کەرکووک) هێزەکانیان توانیان چەندین حەشارگەی تیرۆرستانی داعش وێران و تێکبدەن.












