“ناکرێت هێرشەکەی واشنتۆن بە جەنگی ئێرانەوە ببەسترێتەوە”، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەم شێوەیە باسی لە ڕووداوی تەقەکردنەوەکە کرد کە شەوی شەممە ئاهەنگێکی کۆبوونەوەی ترەمپی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتە ئەمنییەکان، چەکدارێک هەوڵی داوە بە زۆر بچێتە ناو هۆڵی سەرەکی ئاهەنگەکە. لەو کاتەدا چەند دەنگێکی تەقە بیستراوە، کە بووە هۆی ئەوەی سەدان ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی باڵا لەژێر مێزەکاندا خۆیان بشارنەوە.
دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی ئەمریکا دەستبەجێ دەستوەردانی کرد و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانسی جێگری و ئەندامانی ئیدارەکەی ترەمپیان بۆ شوێنێکی ئارام گواستەوە.
پۆلیسی واشنتن و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ڕایانگەیاند کە تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و ناوی “کۆڵ تۆماس ئالن”ـە، تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تۆمەتبارەکە چەند چەک و چەقۆیەکی پێبووە.
تۆمتبارەکە پیشەی مامۆستا بووە و دانیشی ناوە بەوەی ویستوویەتی ترەمپ بکاتە ئامانج.
لە ئەنجامی تەقەکاندا، کارمەندێکی دەزگای نهێنی بریندار بووە، بەڵام بەهۆی پۆشینی قەڵغانی گوللەنەبڕ، برینەکەی مەترسیدار نییە و باری تەندروستی جێگیرە.
دوای کەمێک لە ڕووداوەکە، ترەمپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ”ـەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ ئازایەتی و خێراییان لە دەستگیرکردنی چەکدارەکە. ترەمپ دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی دەرکەوت و ڕایگەیاند: “ئێوارەیەکی سەیر بوو لە واشنتن. دەزگای نهێنی و هێزە ئەمنییەکان کارێکی نایابیان کرد ئەوان بە خێرایی و بوێرییەوە مامەڵەیان کرد”.
ترەمپ ڕەتیشیکردەوە کە ڕووداوی تەقەکردنەکە بە جەنگی ئێرانەوە ببەسترێتەوە.
ئاهەنگەکە کە بڕیار بوو بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی بێت بۆ میدیاکاران و دەسەڵاتداران، بەهۆی ئەو هێرشەوە هەڵوەشایەوە.
بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی پاڵنەرەکانی پشت ئەم هێرشە بەردەوامە. جێی ئاماژەیە، ئەو هۆتێلەی تەقەکەی تێدا کرا هەمان ئەو شوێنەیە کە لە ساڵی ١٩٨١دا هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگانی لێ درا.



