نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست “دوو هەواڵی خۆش” دەداتە هاوپیشەكانی و دەڵێت: كۆدەنگییەكی باش هەیە مامۆستایانی گرێبەست مووچەیان لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە خەرج بكرێت و لە بودجەی ساڵی 2026دا دابمەزرێنرێن.
عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند، كۆدەنگییەكی باش هەیە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بەتایبەتی پەرلەمانتارانی كورد، كە مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا مووچەیان لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە خەرج بكرێت.
مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە 37 هەزار و 93 مامۆستان و لە خوێندنی باڵا 4 هەزار و 100 مامۆستا هەیە.
ڕاشیگەیاند، هەواڵی خۆشی دووەم ئەوەیە، كە مامۆستایانی گرێبەست دابمەزرێنرێن وەك ئەو مامۆستا و فەرمانبەر ە گرێبەستانەی لە تەواوی ناوچەكانی عێراق لەچوارچێوەی بودجەی ساڵی 2026دا دادەمەزرێنرێن.
وتیشی، “هەموو هەوڵەكانمان خستۆتەگەڕ و چۆن پێشتر هەوڵماندا مامۆستایانی وانەبێژ بكرێنە گرێبەست، ئێستاش بەهەمان شێوە وازناهێنین تاكو دەبینە هەمیشەیی و پێویستیش بكات دەچینە بەغدا”.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێك لە مامۆستایانی گرێبەستی هەولێر و دهۆك و كەركوك كارتی بانكییان بۆ گەڕاوەتەوە و بە وتەی بەرپرسان، بەشێكی مامۆستایانی گرێبەست مووچەی مانگی 4 بە كارتی بانكی وەردەگرن.
مامۆستا عەلی جەختیشی كردەوە، كە بۆ مانگەكانی داهاتوو بەش بەش سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست مووچەیان دەبێت بە كارتی بانكی و ئەوەش دەرفەتێكی دیكە دەبێت بۆ دامەزراندن بە هەمیشەیی.
