وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) جەختی لەسەر ئەوە کردووە، پێویستە هەرچی زووە هەنگاوە یاساییەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئاشتی بگیرێنەبەر و بانگەوازەکەی ئۆجالانی بە گرنگ وەربگیرێت.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنقەرە، زانیاریی نوێی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و چەند پرسێکی ناوخۆیی خستە ڕوو. هەروەها پشتیوانی دەم پارتی بۆ داواکارییەکانی کرێکارانی کانگا کانزاییەکان ڕاگەیاند، کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەندین شار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
بە وتەی ناوبراو، لە کاتێکدا کە پێشهاتە کاریگەرەکان لە ناوچەکەدا دەگوزەرن، پێویستە هەلەکان بە باشی بەکاربهێندرێن.
دۆغان داوای جێبەجێکردنی دادپەروەری کرد بۆ دۆسیەی ونبوونی خوێندکاری کورد، گوڵستان دۆکو و هێرشە چەکدارییەکان لەسەر خوێندنگاکانی مەڕەش و سێوەرگ، بەوەی دەرئەنجامەکان بە شێوەیەکی ڕوون بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.
وتیشی، “پێویستە هەرچی زووە هەنگاوە یاساییەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئاشتی بگیرێنەبەر”.
