شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەستە باران و تەرزە و هەورە بروسکەی بەهێز دەستپێدەکاتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “بەهۆی یەکگرتنی بارستەهەوایەکی شێداری گەرم و بارستەهەوایەکی ساردی چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا، ناجێگیری کەشوهەوا ناوچەکە دەگرێتەوە و ئەمڕۆ شەممە شەپۆلەکە بە دروستبوونی هەوری ‘سوپەرسێڵ’ و بارینی تەرزەی قەبارە گەورە لە ڕۆژئاوا، ناوەڕاست و باشووری عێراق دەست پێدەکات”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ یەک شەممە کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
ڕوونیشی كردەوە، لە دوانیوەڕۆوە بە شێوەی پچڕپچڕ شەستەباران، هەورەبروسکە و با دەستپێدەکات و لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکەی بەهێزتر دەبێت و تەواوی ناوچەکانی (گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک، هەولێر، دهۆک، ڕاپەڕین، سۆران و زاخۆ) دەگرێتەوە و هاوکات پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما (3 بۆ 5) پلە داببەزن.
سەبارەت بە ڕۆژانی دواتر، ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینی دەکات “ڕۆژی دوو شەممەش تاوەباران و تەرزەی بەخوڕ بەردەوام بێت، هەرچەندە لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشوهەوا تا ڕادەیەک جێگیر دەبێتەوە، بەڵام کاریگەریی لاوازی شەپۆلەکە تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت”.
