گوڵپی: ئەگەر دەتانەوێت موووچەى هیچ مانگێک نەفەوتێت، لە ٢٥ى هەر مانگێک داهاتى ناوخۆ بنێرن

عومەر گوڵپی پەیامێک بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی هەرێم دەنێرێت و دەڵێت: “ئەگەر دەتانەوێت موووچەی هیچ مانگێک نەفەوتێت، لە ٢٥ی هەر مانگێک داهاتی ناوخۆ بنێرن!

عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە نووسراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژی ٢١ی ٤، وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: “لیستی مووچەی مانگی نیسان و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئازارمان نارد بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ”، ئەمە باشە، بەڵام ئەوەی کێشەی سەرەکی مووچەی مووچەخۆرانە و بەهۆیەوە مانگانە دوادەکەوێت، دواخستنی ناردنی داهاتی ناوخۆیە!

دەشڵێت: بەداخەوە، بەدەر لە یاساو دوور لە پڕەنسیپی حکومەتداریی، داهاتی ناوخۆ لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بەهۆی ناکۆکییەکانیشیانەوە هەمیشە ناردنی داهاتی ناوخۆ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ دوادەخەن!

ڕاشیگەیاندووە، لە ساڵی (٢٠٢٣)ەوە تا ئێستا، کە کار بە یاسای بودجەی (٢٠٢٣ – ٢٠٢٥) دەکرێت، تەنها یەک مانگیش نەبووە لە (٢٠ تا ٢٥ی مانگ) داهاتی ناوخۆ بنێرن، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی ڕاستەوخۆی مووچە، چونکە بەغدا پاش ناردنی داهاتی ناوخۆ دەست دەکات بە ڕێکارەکانی ناردنی مووچە کە زۆربەی کات دوو تا سێ ڕۆژی پێدەچێت.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بێجگە لە دەیان مووچەی ساڵانی (٢٠١٥ تا ٢٠٢٢)، تەنها لە ساڵی (٢٠٢٥) دوو مووچە، ساڵی (٢٠٢٤) مووچەیەک، ساڵی (٢٠٢٣) سێ مووچە دابەش نەکران، ئەمە گەورەترین ستەمە لە ماڵ و منداڵی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان و کەمئەندامان، لە سەروو هەمووشیانەوە ستەمە لە منداڵی شەهیدانیش کە تاکە سەرچاوەی داهاتیان مووچەی شەهیدانەی ئەزیزترین کەسیانە کە بەخشیان بە نیشتیمان!

گوڵپی جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر لایەنەکانی دەسەڵات و حکومەت دەیەوێت هیچ مووچەیەک نەفەوتێت و مانگانە مووچە لە کاتی خۆیدا بێت، ئەوە پێویستە مانگانە لە پاڵ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تر، لە ٢٥ی هەر مانگێک داهاتی ناوخۆ بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە