ئەمڕۆ هەینی، هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کۆبوونەوەیەکی گرنگ و یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدات. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە دیاریکردنی کاندیدی کۆتاییە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی وادە یاساییەکان پرسی پێکهێنانی حکومەت یەکلایی بکرێتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر چەند ناوێک گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا یەکێکیان وەک کاندیدی فەرمی فراکسیۆنی زۆرینە دیاری بکەن. ئەم هەنگاوە دوای فشارە سیاسییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دێت بۆ ئەوەی وڵات لە قەیرانی بێ حکومەتی ڕزگار بکرێت و
کەسایەتییەک ڕابسپێردرێت کە بتوانێت متمانەی زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.
ئەم کۆبوونەوەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکی هەستیاردا دێت، چونکە بەپێی دەستووری عێراق، ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو وەک کۆتا وادە دیاری کراوە بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران. ئەگەر تا ئەو کاتە لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەچێتە ناو “دۆخێکی نادەستووری” و بۆشاییەکی گەورەی یاسایی دروست
دەبێت، کە ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی ناوی کاندیدی ڕاسپێردراو ڕابگەیەنێت و پێشکەشی سەرۆکایەتی کۆماری بکات. سەرکەوتنی ئەم هەوڵە دەبێتە کلیلی دەربازبوون لەو بنبەستە سیاسییەی عێراقی تێدایە، بە پێچەوانەشەوە، شکستهێنان لە ڕێککەوتن تا ڕۆژی یەک شەممە، وڵات بەرەو ئایندەیەکی نادیار و
ئاڵۆزی زیاتر دەبات.
