بارانبارین و هەورەبرووسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

هۆشداریی کەشوهەوا؛ شەپۆلێکی “سەرتاسەری” بارانبارین و هەورەبرووسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شاڵاو هیدایەت، پپیشبینیکاری کەشناسی بە خەڵک-ی ڕاگەیاند، بەچاودێریکردنی دۆخی کەش و هەوا ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز دەکەن کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە، پێش ئەوەش لە سبەی هەینییەوە تاوە بارانی ناوبەناو لە چەند ناوچەیەک دەستپێدەکات.

شاڵاو هیدایەت ڕایگەیاند، سبەی هەینی لە کاتەکانی نیوەڕۆ بەدواوە، ئەگەری دروستبوونی تاوە باران و هەورەبرووسکە لە ئیدارەی ڕاپەڕین و سۆران، و سنووری پارێزگای هەولێر و باکووری گەرمیان، هەروەها باکووری پارێزگای سلێمانی و بەشێک لە ناوچەکانی بادینان هەیە.

بەپیی شیکردنەوەکانی شاڵاو هیدایەت، بۆ ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور. ئەم شەپۆلە بەم شێوەیە دەبێت:

  • هەورەبرووسکەی بەهێز: بەهۆی تێکەڵبوونی شێی مەداری لەگەڵ شەپۆلەکە، هەورەبرووسکەی زۆر ڕوودەدات.

  • مەترسی لافاو: ئەگەری بارینی تەرزە و دروستبوونی لافاو لە ناوچە نزمەکان و ئەو شوێنانەی مەترسییان لەسەرە هەیە.

  • پلەکانی گەرما: ڕۆژی شەممە پلەکان بەرز دەبنەوە، بەڵام لەگەڵ دەسپێکی شەپۆلەکە ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.

وتیشی، بۆ ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ئەگەری دروستبوونی “هەوری ناوخۆیی” هەیە کە دەبێتە هۆی بارانی لۆکاڵی لە هەندێک ناوچە، بەڵام بەهۆی سروشتی ئەم هەورانە، پێشبینی ورد تەنها چەند کاتژمێرێک پێش هاتنیان دەکرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە