وەزارەتی ناوخۆ سزای توند بەسەر پیسکەرانی ژینگەدا دەسەپێنێت؛ سزای دارایی ١٠ ملیۆن دینار تێدەپەڕێنێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێکاری توند و کرداری ڕادەگەیەنێت و هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان و خاوەن پڕۆژەکان کە هەر سەرپێچییەک سزای قورسی دارایی بەدوادا دێت.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦ بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، سەرجەم پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان، پۆلیس، هاتووچۆ و بەرگری شارستانی ڕاسپێردراون کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگە، یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە جێبەجێ بکەن.
گرنگترین خاڵەکان گشتاندنەکەی وەزارەت:
١. سزای بەجێهێشتنی پاشماوە لە گەشتەکاندا: هەر کەسێک لە کاتی گەشت و سەیراندا زبڵ و خاشاک بەجێ بهێڵێت، بەپێی یاسا ڕووبەڕووی سزای پێبژاردن دەبێتەوە کە لە ١٠٠ هەزار دینار دەستپێدەکات تا ١٠ ملیۆن دینار. پێویستە هاووڵاتیان پاشماوەکانیان لەگەڵ خۆیان بهێننەوە بۆ ناو شارەکان.
٢. ڕێگەدان بە بەڵگەی ڤیدیۆیی: وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتیان دەکات وەک ئەرکێکی نیشتمانی، هەر کەسێکیان بینی ژینگە پیس دەکات، ڤیدیۆی بکەن و بۆ پلاتفۆرمەکانی وەزارەت یان پۆلیسی بنێرن تا ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر بگیرێتە بەر.
٣. ئاگادارکردنەوەی خاوەن پڕۆژەکان: سەرجەم خاوەن پڕۆژەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە دەبێت خۆیان لەگەڵ ڕێنماییە ژینگەییەکان بگونجێنن، بەپێچەوانەوە لەلایەن لیژنەکانەوە بەدواداچوونی وردیان بۆ دەکرێت و بەپێی ڕێنمایی ساڵی ٢٠٢٣ سزا دەدرێن.
لە کۆتایی گشتاندنەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە سروشتی کوردستان سامانی گشتییە و پاراستنی ئەرکێکی نیشتمانی و ئایینییە، دووپاتی دەکاتەوە کە: “کەس مافی ئەوەی نییە ژینگە پیس بکات و بێ لێپرسینەوە دەرباز بێت.”
