لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق داوایەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ گواستنەوەی میلاکیان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵ.
پۆڵا سیروان دێڕەشەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق (فراکسیۆنی یەکێتی)، ڕایگەیاند، کە ئەمڕۆ ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە، مووچەی ٣٩ هەزار مامۆستای گرێبەست بخرێتە سەر بودجەی فیدراڵی.
لە نووسراوەکەدا داوا کراوە، کە لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٦، یان هەر هەموارێکی دیکەی بودجە کە لە داهاتوودا پەسەند دەکرێت، ئەم مامۆستایانە بکرێنە هەمیشەیی. دێڕەشەیی جەختی کردەوە کە “ئەمە مافێکی یاسایی، مرۆیی و دەستووریی خۆیانە و پێویستە کۆتایی بەو نادادییە بهێندرێت.”
سەبارەت بە ئەنجامی داواکارییەکە، پەرلەمانتارەکە ئاشکرای کرد کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر نووسراوەکە دەربڕیوە و ئیمزای کردووە، پاشان ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.

