پەرلەمانتارێکی عێراق لە زاری پارێزگاری بانکی ناوەندییەوە ڕەتیدەکاتەوە کە هاوردەی دۆلار بۆ عێراق ڕاگیرابێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبوونەوە و دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە قەدەغەکردنی دۆلار دەکەن، پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایی دا کە هاوردەکردنی دۆلار بۆ عێراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک و بە هەمان ڕێژەی پێشوو بەردەوامە.
وتیشی: عەلی عەلاق “هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کەباس لەڕێگری بەردەم دۆلار دەکرێت”.
بڕیار ڕەشید ڕاشیگەیاند هەر لەو دیدارەدا “جەختمان کردەوە لەسەر خێراکردنی ڕێکارەکانی چالاککردنی دەستپێشخەری (ڕیادە) لە کوردستان بە مەبەستی پێدانی قەرز بە گەنجانی خاوەن کار، کە پێشوتر ڕەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ وەرگیرا”.
وتیشی: “پشتیوانی تەواوی ئەم هەوڵە دەبین بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و پشتگیریکردنی گەنجان و هاوکات داوامان کرد لەگەڵ کردنەوەی بانکی پێشەنگی کە بانکێکی تایبەتی عێراقە بۆ پارەدارکردنی پرۆژەی گەنجان، گەنجانی کوردستانیش سودمەند بن لە خزمەتگوزاریەکانی”.
