پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، کارکردنی بەلەمەکانی ناوچەی گەشتیاری نەورۆڵی ڕێکدەخرێتەوە.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی بەلەمی ناوچە گەشتیارییەکانمان کرد و تێیدا جەختمان کردەوە لەسەر داڕشتنی میکانیزمێکی نوێ بۆ ئەوەی کارکردنی بەلەمەکان پابەندی ستانداردە گەشتیارییەکان بێت، چونکە لە ئێستادا مەرجە پێویستەکانیان تێدا نییە.
وتیشی: “گفتوگۆی وردمان کرد لەسەر پاراستنی گیانی گەشتیاران و دیاریکردنی نرخەکان بە شێوەیەکی گونجاو کە بارگرانی بۆ هاووڵاتییان دروست نەکات”.
نوخشە ناسیح ڕاشیگەیاند، بڕیارماندا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کەرتی گەشتیاری و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بەو هاووڵاتی و گەشتیارانەی ڕوو لە ناوچەکە دەکەن.


