پەروەردە یەکەمین هەنگاوی ئاسایشی نیشتمانی

سۆران ڕەسوڵ – پسپۆڕی پەروەردەیی

پەروەردە تەنها چەمکێک یاخود پرۆسەیەک نییە پەیوەست بێت بە قۆناغێکی تایبەتمەندی تەمەنی مرۆڤ و دەزگایەکی دیاریکراوی وەک وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، ئەم چەمکە گشتگیرە و هەموو ڕەهەندەکانی مرۆڤ لەخۆ دەگرێت، لەوانە:

ــ پەرەپێدانی عەقڵی و مەعریفی.

ــ ڕاهێنانی دەروونی و ڕەوشتی.

ــ تەواوکردنی کەسایەتی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە.

​بە کورتی، پەروەردە هونەری باشتر ژیانە؛ ئامڕازێکە بۆ گونجاندنی مرۆڤ لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژیان و پێگەیاندنی تاکێکی هۆشیار کە بتوانێت لە هەر کایەیەکی کۆمەڵایەتی، پیشەیی، دامەزاوەیی یان خێزانییدا بێت دەبێت بە بەها بەرزەکانەوە کارلێک بکات.

لە ڕاستیدا پەروەردە پرۆسەیەکی هەمەلایەنەی گشتگیری چڕە پەیوەندی بە هەموو جومگە و کایە و سێکتەرەکانی ژیانەوە هەیە.

هەموو مرۆڤێک، خێزانێک، حکومەت و سیستەمێکی حکومڕانی و دەوڵەتێک پێویستی زۆر قووڵیان بە بنچینە و ئامانج و مەبەستەکانی پەروەردە هەیە، سوقڕات کە بە مامۆستای فەلسەفە ناسراوە دەوروبەری 2400 ساڵ پێش ئێستا وتوویەتی: هێزی فێربوون لە هەموو دەروونێکدا هەیە، ئەوەی پەروەردە نەکرابێت نازانێت ڕاستی چییە، ئەوانەی بە تەواوەتیش پەروەردەنەکراون و قۆناغەکانی فێربوونیان تەواونەکردووە، بۆ فەرمانڕەواییکردنی شارەکەمان ئەسینا لەبارنین.

لە گۆشە نیگای ئەم تێڕوانینەی سوقڕاتەوە دەگەینە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی کە ئەو سیستەم و ڕژێمانەی هەر شتێکی دیکەیان لە جێگەی پەروەردە دانابێت بۆ بنیادنان و گەشەکردن و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییەکانیان، ئەوا وڵاتیان بەرەو کاولکاری و وێرانەیی و داڕمان بردووە بە سیستەمێکی پڕ لە ستەمکاری و گەندەڵی، لە هەمان کاتیشدا هاوڵاتیانی کۆمەڵگەکەیان بەرەو تیاچوون و هیلاکەت بردووە.

پێچەوانەی ئەم بۆچوونەش ئەو وڵاتانەی پەروەردەیان کردووەتە بناغەی کاری حکومڕانی و سیستەمی دەوڵەتداری ئەوا خۆشگوزەرانی و گەشەکردن بوونەتە هێما و سیمای بەرچاوی ئەو وڵاتە لە نموونەی وڵاتانی فینلەند، کۆریای باشوور، سەنگاپوورن.

بەهێزترین چەک کە نەتەوەکان بتوانن بۆ بەرگری لە خۆیان و گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات بەکاریبهێنن، “پەروەردە”یە، کاتێک پەروەردە دەبێتە ئەولەویەتی باڵا، ئیتر تەنها پڕۆسەیەکی فێربوون نییە و بەس، بەڵکو دەبێتە بناغەی ئاسایشی نیشتمانی، هەروەک ئیدوارت ئیڤرت بیریاری ڕۆژئاوایی ئەم بڕوایەی ئاشکراکردووە کە دەڵێت: پەروەردە و فێرکردنی باش لە سوپایەکی ڕێکخراو و ڕاهێنراو باشتر پارێزگاری لە نیشتمان دەکات.

نێڵسۆن ماندێلاش جەخت لەم هێزە دەکاتەوە و دەڵێت: پەروەردە بەهێزترین چەکە کە دەتوانیت بەکاریبهێنیت بۆ گۆڕینی جیهان.

چۆن پەروەردە دەبێتە بناغەی ئاسایشی نیشتمانی؟ ​

ئاسایشی نیشتمانی تەنها کڕینی چەک و ئامادەکردنی پاسەوانی سنوور نییە، بەڵکو پاراستنی ژێرخانی فیکری و مرۆییە، پەروەردە لەم لایەنە هەستیارانەوە دەبێتە ئاسایشی نیشتمانی:

-ئاسایشی ئابووری: نەوەیەکی کارامە و داهێنەر، وڵات لە پشتبەستن بە دەرەوە ڕزگار دەکات و دەستی کار دەبێتە دەستێکی بەهێزی دڵسۆزی خۆماڵی.

-ئاسایشی کۆمەڵایەتی: پەروەردەی دروست ڕێگری لە توندڕەوی، تاوان و لێکترازانی کۆمەڵایەتی دەکات.

-سەروەری سیاسی: گەلی هۆشیار ناکەوێتە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی بیانی و دەتوانێت بڕیاری سەربەخۆی خۆی بدات.

پەیوەندی نێوان سیستەمی پەروەردە و ئاسایشی نیشتمانی تەنها پەیوەندییەکی لاوەکی نییە، بەڵکو پەروەردە بە “soft power هێزی نەرم” و ژێرخانی سەرەکی هەموو جۆرەکانی تری ئاسایش دادەنرێت.

لێرەدا بە چەند خاڵێکی زانستی و ستراتیژی ڕوونی دەکەینەوە چۆن پەروەردە دەبێتە پارێزەری نەتەوە:

​١. ئاسایشی ئابووری و سەربەخۆیی: ​ پەروەردەی سەردەمیانە هێزی مرۆیی بەرهەمهێنەر دروست دەکات، کاتێک سیستەمی فێربوون گرنگی بە تەکنەلۆژیا و داهێنان دەدات، وڵات لە پشتبەستن بە کاڵای دەرەکی و هێزی کاری بیانی ڕزگار دەکات، گەشەی ئابووری ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەژاری، کە زۆرجار هەژاری سەرچاوەی ناسەقامگیری و تاوانە و یەکێکە لە سێکوچکەی کوشندەی هەر کۆمەڵگەیەک.

​٢. بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی: ​ پەروەردە کاریگەرترین ئامرازە بۆ چاندنی بەها هاوبەشەکان، کاتێک نەوەیەکی نوێ لەسەر بنەمای لێبوردەیی، پێکەوەژیان و خۆشەویستی نیشتمان پەروەردە دەبن، ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی و ناکۆکی مەزهەبی و نەتەوەیی کەم دەبێتەوە، ئەم یەکگرتووییە قەڵایەکی بەهێزە دژی هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی.

​٣. ئاسایشی مەعریفی و ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی دەروونی: ​لە سەردەمی ئێستادا “جەنگی زانیاری” یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان. سیستەمێکی پەروەردەیی کە پەرە بە “بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە” (Critical Thinking) بدات، وا لە هاووڵاتیان دەکات بە ئاسانی نەکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندە، هەواڵی ناڕاست و ئایدۆلۆژیای توندڕەوی و پڕ لە ململانێی بەرژەوەندخوازی کە ئاسایشی وڵات دەخەنە مەترسییەوە. ​٤. دیموکراسی و سەقامگیری سیاسی: ​پەروەردە ئاستی هۆشیاری سیاسی تاک و کۆمەڵ بەرز دەکاتەوە، هاووڵاتی هۆشیار دەزانێت چۆن مافەکانی داوا بکات و چۆن بەشداری لە بڕیاردانی سیاسی وڵاتەکەیدا بکات بە شێوەیەکی مەدەنی، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دەسەڵاتێکی جێگیر و کەمبوونەوەی پشێوی و کودەتاکان.

​٥. ئامادەکردنی نەوەی داهاتوو بۆ تەحەدیاتە جیهانییەکان: ​ ئاسایشی نیشتمانی تەنها سوپا نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پەتاکان و قەیرانە تەندروستییەکانیشە، تەنها لە ڕێگەی زانست و توێژینەوەی ئەکادیمییەوە وڵاتان دەتوانن بۆ ئەم جۆرە مەترسییانە ئامادە بن، هەروەکو بە بڕوای مالکۆم ئێکس: پەروەردە پاسپۆرتی ئێمەیە بۆ داهاتوو، چونکە داهاتوو هی ئەو کەسانەیە کە ئەمڕۆ خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە