گۆی زەوی دەکوڵێت

نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی کەشوهەوا هۆشدارییەکی توند دەدەن: جیهان چیتر لە قۆناغی “گەرمبوونی زەوی” نەماوە، بەڵکو چووەتە ناو قۆناغی “کوڵانی جیهانی”.

ئاماژە بەوەشدەکەن؛ شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی گەرما و تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگە، هەڕەشە لە ژیان و ئاسایشی خۆراکی ملیۆنان مرۆڤ دەکەن.

 ژمارە پێوانەییەکان دەشکێنرێن

بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکان، ساڵانی دوایی گەرمترین ساڵ بوون لە مێژووی تۆمارکراوی مرۆڤایەتیدا، پلەکانی گەرما لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان سنووری ٥٠ پلەی سەدییان تێپەڕاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرما و وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان.

شەپۆلەکانی گەرما و کاریگەرییە تەندروستییەکان

شەپۆلی گەرما تەنها هەستکردن بە گەرما نییە، بەڵکو “بکوژێکی بێدەنگە”، نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە کە ئەم شەپۆلانە گوشارێکی زۆر دەخەنە سەر سیستمە تەندروستییەکان و دەبنە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسە، بە تایبەت لای منداڵان و بەساڵاچووان.

ئاسایشی خۆراک لە مەترسیدایە

گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی بووەتە هۆی تێکچوونی کاتی دروێنە و کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئەمە وایکردووە نرخی خۆراک لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرز ببێتەوە و ملیۆنان کەس لە وڵاتە هەژارەکاندا ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی ببنەوە.

داوای هەنگاوی بەپەلە دەکرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان دەکات کە دەستبەجێ دەردانی گازە ژەهراوییەکان کەم بکەنەوە و وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەکاندا (وەک وزەی خۆر و با) زیاد بکەن.

هۆشداریشدەدرێت؛ ئەگەر مرۆڤایەتی هەنگاوی جددی نەنێت، کارەساتە سروشتییەکان (لافاو، گەردەلوول و وشکەساڵی) دەبنە دیاردەیەکی ڕۆژانە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە