(1)
راهێنەری شۆفێری، پاش بەدەستهێنانی بڕوانامەی كاركردن و دەستكردن بە راییكردنی كارەكانی، پێویستە پاش ماوەیەكی دیاریكراو بە خولی ئەبدیتكردنەوەدا تێپەڕێت، كە نابێت وەك كارێكی سەخت، یان بێگاری، یاخود رێكارێكی زۆرەملێ تەماشای بكرێت، بەڵكو دەبێت وەك قۆناغێكی زاخاودانەوەی پیشەیی لێی بڕوانرێت، كە بە هۆیەوە زانیاری، ئەزموون، كەرەستەی نوێی وانەوتنەوەو راهێنان بەدەستدەهێنرێت، بۆ نموونە:
- گەشەكردنی تاكەكەسی: چونكە هەر گەشەكردنێك، قۆناغێكی نوێیە لە رێڕەوی پیشەییدا و دەرفەتێكە بۆ پێگەیشتن و فێربوون و خۆشویستنی زیاتری پیشەكە.
- تواناسازبوون لە رێگەی زانینەوە: بەوپێیەی پڕۆسەی گەشەكردن تەنیا بریتی نییە لە ئاشنابوون بە رێسا و تەكنیكە نوێیەكان، بەڵكو دەرفەتێكیشە بۆ تێگەیشتن لە هۆكارە شاراوەكانی پشت گۆڕانكارییەكان، كە راهێنەر تواناسازدەكات و وای لێ دەكات تێگەیشتووترو كارامەتر بێت و وانەكانی تەنیا بەسەربردنی چەند خولەكێك نەبن، بەڵكو ئەزموونی دەوڵەمەندی پڕ لە دانایی بن.
- پێداڕاگەیشتنی گەشەكردنەكان: لەبەرئەوەی لە جیهانێكی خێرا گۆڕاودا تەكنۆلۆژیا و میتۆدەكان زۆر بەخێرایی گەشەدەكەن، خولی لەو جۆرە یارمەتیدەرە بۆ پێداڕاگەیشتن بەو گەشەكردنانەدا و رێگەیەكە بۆ دووپاتكردنەوەی ئەوە بۆ فێرخوازەكان، كە راهێنەر ئاگاداری تازەترین پێشهاتەكانە و خاوەن لایەنی تیۆریی دەوڵەمەند و رێبازی پراكتیكیی نوێیە.
- بنیاتنانی پەیوەندیگەلی بەهێزتر: چونكە ئەنجامی بەدەستهێنانەكانی ئەم قۆناغە پەیوەندیی راهێنەر لەگەڵ فێرخوازەكانیدا بەهێزتر دەبێت و بە ئەندازەی گواستنەوەی نوێترین بەرنامە و تەكنیكەكان پەیوەندییەكانی نێوانیان گەشەدەكات و متمانەبوونی ئەوان بە راهێنەر زیاتر دەبێت.
- تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان: ئاشكرایە راهێنەر لە زۆر قۆناغدا رووبەڕووی سەختی و ئاڵنگارییەكان دەبێتەوە، بەڵام تێپەڕاندنی ئەو سەختی و ئاڵنگارییانە هەستی سەركەوتن بە راهێنەر دەبەخشن و توانای خۆڕاگریی تێدا بەهێزدەكەن.
- ئەزموونێكی كۆمەڵایەتی: لە رێگەی خولی لەو جۆرەوە راهێنەر بۆی دەردەكەوێت لە گەشتەكەدا بەتەنیا نییە و زۆر ڕاهێنەری دیكە لەگەڵیدا بەشدارن، ئەزموون دەگۆڕنەوە، ئاڵنگارییەكان تاوتوێدەكەن و بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەكەن، ئەمەش دەرفەتێكە بۆ بنیاتنانی رۆحی كاری دەستەجەمعی و فێربوون لە یەكترییەوە.
كاتی ئەم خولی ئەبدەیتكرنەوەیە لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا جیاوازە، لە هەندێك وڵاتدا پاش سێ ساڵە و لە هەندێكی دیكەشدا دوای چوار یان پێنج ساڵە، تێكڕای ماوەی خولەكەش (40 سەعاتە)، كە دابەشدەكرێت بەسەر هەشت رۆژدا و كۆمەڵێك بابەت لەخۆدەگرێت كە بۆ راهێنەرانی شۆفێری گرنگ و پێویستن.
