خەلیل عەبدوڵا
کەرتی گەشتیاریی بە شێوەیەكی گشتی بە گرنگترین كەرتەكانی ئابووری لە جیهاندا دادەنرێت و رۆڵی دیاری هەیە لە گەشەپێدانی ئابووریی وڵات و بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا.
کەرتی گەشتیاریی چەندین لق و پۆپی لێ دەبێتەوە، ئەوەی من مەبەستمە لەم وتارەدا تیشكی بخەمەسەر و بە خوێنەرانی ئازیزی رۆژنامەی كوردستانی نوێی ئاشنا بكەم، گەشتیاریی لادێیە، كە لقێكی نوێی گەشتیارییە و هەوڵی وەبەرهێنانی سەرچاوە سروشتی و كەلەپووری و كەلتورییەكان لە گوندەكاندا دەدات، ئەوەش بەمەبەستی گەشەپێدانی ئابووریی ناوخۆیی و پاراستنی سروشت و ناسنامەی كەلەپووریی.
ئاژانسی گەشتیاریی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بایەخێكی زۆر بەم لقە نوێیەی گەشتیاریی لادێ دەدات، ئەوەش بە مەبەستی دابینكردنی هەلی كاری نوێ بۆ دانیشتوانی گوندە گەشتیارییەكان و هەمەجۆركردنی سەرچاوەی داهات و پشتیوانیكردنی پرۆژەی بچووك و مام ناوەند و زیندووكردنەوەی پیشە دەستییە خۆماڵییەكان و پاراستنی ناسنامەی سروشتی و كەلەپووریی گوندەكان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی پاراستنی ژینگە و رێگەگرتن لە كۆچی دانیشتوان لە لادێوە بۆ شار.
لەو سۆنگەیەوە گوندی هەجیجی گەشتیاریم هەڵبژارد تا تیشكی بخەمە سەر، ئەوەش بە هۆی ئەوەی ئاژانسی گەشتیاریی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو گوندەی پاڵاوتووە بۆ ساڵی 2027 بخرێتە لیستی باشترین گوندی گەشتیاریی لە جیهاندا.
هەجیج گوندێكی جوان و خاوێن و دڵگیری ناوچەی هەورامانی پارێزگای كرماشانە، بەهۆی دیمەنی كەلەپووریی خانووە بەردین و دێرینەكانی لە ئامێزی سروشتی رەنگینی چیای شاهۆ و نزیك لە رووباری سیروان و خاوێنی ژینگە و سەرچاوەی ئاوی سازگار، بۆتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و ساڵانە بە هەزاران كەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەردانی ئەو گوندە دەكەن.
گوندی هەجیج بەشێكە لە ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە گشتی كەلەپوور و كەلتوری خۆیان پاراستووە، پاش هەوڵ و ماندووبوونی زۆری رووناكبیران و شارەزایانی هەورامان و پێشكەشكردنی بەڵگەنامەی پێویست لە بارەی كەلەپوور و كەلتوری ناوچەی هەورامان بە رێكخراوی یونسكۆی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو رێكخراوە ساڵی 2021 تەواوی ئەو ناوچەیەی لە لیستی كەلەپووری جیهانی تۆمار كرد. بەوەش ئەو ناوچەیە وەك ناوچەیەكی كەلەپووری و كەلتوری زیاتر لەسەر ئاستی جیهان ناسرا و نازناوی كەلەپووری جیهانی پێبەخشرا.
هەجیج گوندێكی خاوێن و خاوەن سروشت و ژینگەیەكی جوان و دڵڕفێنی گەشتیارییە، بەهۆی ئەوەوە بووە جێگەی سەرنج و بایەخی ئاژانسی گەشتیاریی نەتەوە یەكگرتووەكان و وەك باشترین گوندی گەشتیاری بۆ ساڵی 2027 لە لایەن ئەو ئاژانسەوە پاڵێوراوە بۆ ئەوەی لە لیستی گەشتیاریی جیهانی تۆمار بكرێت. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو گوندە لە سەر نەخشەی گەشتیاریی دنیا زیاتر بناسرێت و ببێتە گوندێكی گەشتیاریی جیهانی و ژمارەیەكی زیاتر گەشتیاران لە هەموو گۆشە و كەنارێكی دنیاوە سەردانی بكەن، ئەوەش دەبێتە هۆی گەشەپێدانی گەشتیاریی گوندی هەجیج و زیادبوونی بزاوتی ئابووریی ناوخۆ و رەخساندنی هەلی كاری زیاتر.
