بەهۆی ژەهراوی بوون بە خواردن لە چێشتخانەیەكی زاخۆ، 75 كەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كران و ڕێكاری یاسایی دژی چێشتخانەكە گیرایەبەر.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی زاخۆ بڵاویكردەوە،” ئێوارەی ئەمڕۆ دۆخێکی نائاسایی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن تۆمارکراوە، 75 کەس بەهۆی نیشانەکانی ژەهراویبوونەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
ڕاشیگەیاندووە، هەموو ژەهراویبووەکان لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شارەکە خواردنیان خواردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمە پزیشکییەکان چارەسەری پێویستیان بۆ هەمووان کردووە و زۆربەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری یاساییان بەرامبەر چێشتخانەکە گرتۆتە بەر.
