سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەیەکی دەستووریدا دیاری بکەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی کرد لە سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالکی و شاندێکی یاوەری.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، مالکی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆمار کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا. لای خۆشیەوە، سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پیرۆزبایی و هەستە دەربڕی.
لە دیدارەکەدا کە هەر یەک لە خالید شوانی، وەزیری داد و هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق ئامادەی بوون، باس لە بارودۆخی گشتی وڵات و ناوچەکە کرا. جەخت کرایەوە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و برەودان پێیان، هەروەها کارکردنی جدی بۆ باشترکردنی بژێوی و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان.
سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی تەواوکردنی ئیستحقاقە دەستوورییەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا کردەوە، داواشی لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کە “کاندیدی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەیەکی دەستووریدا دیاری بکەن، بۆ ئەوەی حکومەتێک پێکبهێنرێت کە کار بکات بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق و بەهێزکردنی پرۆسەی گەشەپێدان لە وڵاتدا”.


