ئەنجوومەنی کارگەکانی سلێمانی و هەولێر ئاشكرای دەكەن، كۆتایی بە قەیرانی غاز هاتووە و نرخی یەك بوتڵ ٨ هەزار و ٥٠٠ دینارە.
کۆچەر تاهیر، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، قەیرانی غاز بە تەواوی چارەسەر بووە و لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٧ هەزار بوتڵ غاز بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش کراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕۆژانە ١٢ تانکەر غاز (٢٤٠ تۆن) لە کێڵگەی کۆرۆمۆرەوە دەگاتە سلێمانی، ئەمەش وای کردووە نرخی هەر بوتڵێک بە ٨,٥٠٠ دینار جێگیر بێت.
سەبارەت بە دابەشکردنی کاروانی دووەم لە ڕێگەی کۆبۆنەوە، ناوبراو ئاشکرای کرد، کە ئەگەر سەقامگیریی ئەمنی بەردەوام بێت و بەرهەمهێنان وەک ئێستا بێت، لەوانەیە پێویست بە سیستەمی کۆبۆن نەکات و غاز بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بکەوێت.
لای خۆشیەوە، نەبەز سواری عەزیز، بەڕێوەبەری کارگەی غازی هەولێر جەختی لە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە کردەوە و ڕایگەیاند، کە ڕۆژانە ١٢ تانکەر غاز بۆ هەولێر و ئیدارەی سۆران دابین دەکرێت و تەنها لەمڕۆدا ٣٠ هەزار بوتڵ غاز دابەش کراوە.
جەختیشی کردەوە کە نرخی هەر بوتڵێک بۆ هاووڵاتیان تەنها ٨,٥٠٠ دینارە.
ئەم ئاساییبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای دانا غاز کارەکانی لە کێڵگەی کۆرۆمۆر دەستپێکردەوە، کە پێشتر بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانەوە ڕاوەستابوو. لە ئێستادا ناردنی غاز بۆ کارگەکانی هەرێم بەردەوامە و ڕێگری دەکرێت لە هەر جۆرە مامەڵەیەک بە غازی بازرگانییەوە، تاوەکو نرخەکە بە جێگیری لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بمێنێتەوە.
