نائامادەیی موجتەبا، کێشەکانی ئێراان قوڵ دەکاتەوە

ڕاپۆرتێکی CNN: “ڕێبەری غائیب”؛ ئایا موجتەبا خامنەیی تەنها پەردەیەکە بۆ بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران؟.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٦ هەفتە بەسەر دیاریکردنی وەک شوێنگرەوەی باوکی، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران، هێشتا لە چاوی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و جیهان ونە. ڕاپۆرتێکی تۆڕی “CNN”ی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکردەکانی ئێران غیابی موجتەبا خامنەیی وەک “کارتێکی سیاسی” بەکاردێنن بۆ پاراستنی مانەوەی کۆماری ئیسلامی.

لە کاتێکدا عەلی خامنەیی بۆ چەندین دەییە ڕووخساری یەکەمی بڕیارەکان بوو، موجتەبا خامنەیی تەنها لە ڕێگەی بەیاننامە خوێندراوەکانی تەلەفزیۆنی فەرمییەوە دەردەکەوێت. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لە هێرشەکەی سەر باوکیدا تووشی شکاویی پێ و برینی دەموچاو بووە، بەڵام ئاژانسی “ڕۆیتەرز” دەڵێت لە ڕێگەی “پەیوەندی دەنگییەوە” بەشداری کۆبوونەوە باڵاکان دەکات.

شیکەرەوەکان دەڵێن دەسەڵاتدارانی ئێران بە مەبەست ڕۆڵی موجتەبا بە “نادیاری” دەهێڵنەوە لەبەر چەند هۆکارێک:

  • هەر بڕیارێکی قورس یان سازشێک لە دانوستانەکاندا دەخرێتە پاڵ “ڕێبەری غائیب” تاوەکو کەس نەتوانێت ڕەخنەی لێ بگرێت.

  •  عەلی فایز، پسپۆڕی کاروباری ئێران دەڵێت: “نەبوونی موجتەبا وەک قەڵغانێک وایە بۆ تیمی دانوستانکار، تا لە هێرشی توندڕەوە ناوخۆییەکان بییانپارێزێت.”

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرسانی ئێستای ئێران بە “عەقڵانی” ناو دەبات، بەڵام شکستی گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی پاکستاڕ نیشانەی قووڵی ململانێ ناوخۆییەکانی تارانە.

 توندڕەوەکانی ناوخۆی ئێران ڕەخنەی توند لە عەباس عێراقچی و مەسعوود پزیشکیان دەگرن و هەر جۆرە سازشێک بە “خۆبەدەستەوەدان” دەزانن.

 محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، وەک کەسایەتییەکی سەرەکی دەرکەوتووە کە دەتوانێت لە نێوان دیپلۆماتکاران و سەربازییەکاندا هاوسەنگی ڕابگرێت.

پسپۆڕان دەڵێن ئێران لەسەر “پەتێکی باریک” ڕێ دەکات؛ لە لایەک دەیەوێت لە هێرش و فشارەکانی ترەمپ ڕزگاری بێت، لە لایەکی ترەوە دەسەڵاتدارانی تاران دەترسن لە دەستدانی لایەنگرە توندڕەوەکانیان لە ناوخۆدا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە