بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە کرد، بە شێوەی نایاسایی هێنراونەتە وڵات و دەڵێت: ئەمڕۆ چوار شەممە، ٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٦، دواین رۆژی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ١٠٢ـی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ سوودمەندبوون لە پڕۆسەی تۆمارکردن و بەیاسایی کردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە.
عەقید حەیدەر شاکر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ، جەختی کردەوە، ئەمڕۆ “دوا دەرفەتە” و پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، بە زووترین کات سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن. ئامانج لەم پەلەکردنە تەواوکردنی ڕێکارە گومرگی و یاساییەکانە پێش ئەوەی وادە یاساییەکە کۆتایی بێت.
هاتووچۆی عێراق هۆشداری دەدات کە “لە سبەینێوە هیچ چاوپۆشییەک لە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ناکرێت”.
بە وتەی عەقید حەیدەر، هەر ئۆتۆمبێلێک لەو جۆرە کە تائێستا تۆمار نەکرابێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی توند دەبێتەوە و ڕێکاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی دۆخی ئاسایشی و یاسایی ئۆتۆمبێلەکان دەرچووە. ئامانجی سەرەکی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هەزاران ئۆتۆمبێلەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەبێ ڕێکارە گومرگییە فەرمییەکان هاوردە کراون، تاوەکو بخرێنە ژێر چاودێریی دەوڵەت و سیستەمی هاتووچۆوە.
