زیاد هاشمی، شارەزای کاروباری ئابووری، ئەمڕۆ چوار شەممە (٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦) ڕایگەیاند، ڕاگرتنی گەیشتنی دۆلاری نەختینە بۆ عێراق، مەترسییەکی جددییە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی قەیرانی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
هاشمی لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “فەیسبووک”، دەڵێت: “هەواڵەکانی پەیوەست بە ڕاگرتنی گەیشتنی دۆلاری نەختینە بۆ عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو دڵنیایی دەچن، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕۆژنامەی ‘وۆڵ ستریت جۆرناڵ’ی ئەمریکی جەختی لەسەر ڕاگرتنی گەیشتنی دۆلاری نەختینە کردەوە کە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەنێردران.”
ئەو شارەزا ئابوورییە ڕوونیکردەوە، ڕاگرتنی گەیشتنی دۆلاری نەختینە گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر بانکی ناوەندی و ناچاری دەکات پەنا بۆ بژاردەی توند و قورس ببات، لەوانە بەکارهێنانی یەدەگی دۆلار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی (گەشتکردن، چارەسەری پزیشکی و خوێندن لە دەرەوە).
هاشمی هۆشداریش دەدات کە ئەم جۆرە چارەسەرە کاتییە و دەبێتە هۆی خێرا بەکارهێنانی یەدەگی دۆلار لە بانکى ناوەندیدا و دەڵێت: “لە قۆناغەکانی داهاتوودا، ڕەنگە بانکى ناوەندی ناچار بێت لەبری دۆلار، بە دیناری عێراقی پارە بە گەشتیاران و نەخۆشان بدات، ئەمەش وادەکات ئەو چینانە ڕوو لە بازاڕی تەریب بکەن بۆ کڕینی دۆلار، کە دەرەنجامەکەی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی بەهای دۆلار دەبێت”.
زیاد هاشمی ئاماژەی بە سیناریۆیەکی مەترسیدارتر کرد و وتی: “ئەم کێشەیە هەرچەندە قورسیش بێت، دەکرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە ئەگەر واشنتن هەڵوێستەکانی توندتر بکات و سیستەمی حەواڵەی عێراقی بە تەواوی ڕابگرێت؛ لەو کاتەدا حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە دەبێتەوە کە تێپەڕاندنی ئاسان نابێت.”
