وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم وردەکاری گەشتی حاجییانی كوردو سزا نوێیەکانی سعودیە بۆ حەجی نایاسایی ئاشکرا دەکات و دەشڵێت: لە 7ی ئایارەوە حاجییانی كورد بە پاس “ڕێگەی وشكانی” بەرەو سعودیە بەڕێدەكەون.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “هەموو ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی حەج کۆتاییان هاتووە و یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم لە ڕۆژی 7ی 5(ئایار) لە ڕێگەی وشکانی و بە پاس بەرەو ماڵی خودا بەڕێدەکەون، دواتریش کاروانەکانی دیکە لە سەرجەم پارێزگاکانەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەرەو مەدینە بەڕێدەكەون”.
وتیشی، “ئەمساڵ 5 هەزار و 120 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی حەج ئەنجام دەدەن”.
دەربارەی حەجی نایاسایی ئاشكرای كرد، “سعودیە بڕیاری زۆر توندی داوە؛ هەر کەسێک بە ڤیزای جیاواز و بە شێوەی نایاسایی بمێنێتەوە، بە توندی سزا دەدرێت. سزا داراییەکان لە 5 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکەن و دەگاتە زیندانی کردنیش”.
ڕوونیشی كردەوە، “وەک چۆن ساڵی ڕابردوو بڕە پارەیەک وەک قەرەبوو بۆ حاجیان گەڕێندرایەوە، ئەمساڵیش وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی هاتووچۆ، تاوەکو بڕە پارەیەک بۆ سەرجەم حاجیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە”.
