جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کارسازان و کۆمپانیا گەورەکان هان دەدەین بۆ کاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئابووری وڵاتەکەمان.
قوباد تاڵەبانی لە پەڕەی خۆی لە فەیسبوک ڕایگەیاندووە، خۆشحاڵم بۆ چوارەمین ساڵ لەسەر یەک بەشداریم لە کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی لە وڵاتی یۆنان کرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی بەشداریمان لە کۆڕبەندەکانی پێشوو و بە تایبەتیش بەڕێوەچوونی کۆڕبەندیی دێڵفی لە سلێمانی لە ساڵی رابردوودا، ئێستا زۆرێک لە کۆمپانیا و کارسازان و گەورە وەبەرهێنەرانی بەشدار لە کۆڕبەندەکەدا، کوردستان و عیراق وەک دەرفەتێکی گەورە بۆ وەبەرهێنان سەیر دەکەن.
دەشڵێت: هەرچەندە ئەمساڵ هەمووان نیگەرانن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ بۆ سەر ئابووری وڵاتان، بەڵام لە هەموو دیدار و کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان و کارسازان و کۆمپانیا گەورەکان هەوڵ دەدەین هانیان بدەین بۆ کاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئابووریی وڵاتەکەمان.
