لە عێراقەوە بەرامبەر ئەمریكا بێدەنگی شكێنرا: گوشارە بۆ بڕینی مووچە

فڕاکسیۆنی سادقوون لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بڕساری ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی بڕی 500 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق بێدەنگی شكاند و دەڵێت: ئەمریکا بە ڕاگرتنی هەناردەکانی دۆلار، گوشار بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران دەکات.

حەبیب عەللاوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادقوون، ئەمڕۆ چوار شەممە ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد، کە دەیەوێت لە ڕێگەی ڕاگرتنی هەناردەکانی دۆلارەوە بۆ حکومەتی عێراق، گوشار بخاتە سەر بەغدا و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان ڕابگرێت.

ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمریکا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەردەوامە لە بەکارهێنانی ئامرازی گوشار بۆ ملکەچکردنی حکومەتی عێراق، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و ئێستاش دەیەوێت ئەم دۆخە وەک کارتێکی فشار بۆ سەر “چوارچێوەی هەماهەنگی” لە پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیراندا بەکاربهێنێت.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” و پشت بەستن بە قسەی بەرپرسانی ئەمریکی، واشنتۆن گواستنەوەی بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراقی ڕاگرتووە.

ڕۆژنامەكە هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی “بەغدا لە هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەی نزیک لە ئێران شکستی هێناوە و نەیتوانیوە هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕابگرێت”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بانی ناوەندی عێراق دەنگۆی ڕاگرتنی دۆلاری بۆ عێراق ڕەتكردۆتەوە و لە راگەیەندراوێکدا، ئەو راپۆرتانەی رەت کردەوە باس لەوە دەکەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناردنی دۆلاری نەختینەی بۆ بەغدا راگرتبێت.

بانکی ناوەندی جەختی کردەوە، ناردنی دۆلار لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرکەوە بۆ بەغدا بەردەوامە، بەڵام سەرەڕای ئەم دڵنیاییە، نرخی دینار لە بازاڕەکاندا تووشی شڵەژان بووە.

هاوكات، زیاد هاشمی، شارەزای ئابووریی عێراقی دەڵێت: بەهۆی بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكان لەسەر ئەو پرسە لە میدیا باوەڕپێكراوەكانەوە، یەقینی زیاترمان بۆ دروست بووە، كە ئەمریكا ناردنی دۆلاری ڕاگرتووە.

دەشڵێت: وەستاندنی ناردنی دۆلاری نەختینەیی دەتوانێت هەندێک فشار بخاتە سەر بانکی ناوەندی و ڕەنگە ناچاری بکات بژاردەی سەختی دیکە بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمیی دۆلاری نەختینەیی، کە گرنگترینیان بەکارهێنانی یەدەگی دۆلاری نەختینەیی خۆیەتی بۆ دابینکردنی دارایی گەشت و چارەسەری پزیشکی و پەروەردە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە