خزمەتگوزارییەکی نوێ بۆ پسوولەی خۆراک کارا کرا

ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتیی بەشەخۆراکی دهۆکەوە: کاراکردنی خزمەتگوزارییەکی نوێ لە ئەپڵیکەیشنی پسوولەی ئەلیکترۆنی.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی بەشەخۆراک لە پارێزگای دهۆک، هاووڵاتیانی سنوورەکە ئاگادار دەکاتەوە کە گۆڕانکارییەکی نوێ لە پرۆسەی پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکدا (البطاقة الالكترونية) کراوە و خزمەتگوزارییەکی پێویست بۆ بەشێک لە هاووڵاتیان کارا کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لەمەودوا ئەو هاووڵاتیانەی کە پرۆسەی جیابوونەوەیان (تەڵاق) ئەنجام داوە، دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکەوە مامەڵەی جیاکردنەوەی بەشەخۆراکەکانیان ئەنجام بدەن و ناویان بگەڕێننەوە سەر پسوولەی سەربەخۆ.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسانەی لە کاتی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە تووشی هەر کێشەیەک دەبن، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن، بە مەرجی هێنانی ئەم بەڵگەنامانە:

١. کارتی نیشتمانی.

٢. کارتی زانیاری.

٣. پسوولەی بەشەخۆراکی کۆن.

٤. بڕیاری تەڵاق (پێویستە لەلایەن دادگاوە پەسەند کرابێت).

٥. بڕیاری دایەنگەی منداڵان (پێویستە لەلایەن دادگاوە پەسەند کرابێت).

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتیان تا بتوانن بەبێ سەردانیکردنی زۆر، کاروباری پسوولەی خۆراکیان ڕێکبخەنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە