سەرۆکی ئەمریکا بۆ گوشارخستنە سەر میلیشیا شیعەکانی عێراق، ناردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ بەغدا ههڵپهساردووه و هەندێک لە بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەشقە سەربازییەکانی لەگەڵ سوپای عێراقدا سڕ کردووە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە به پشت بهستن بە زانیاری بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق بڵاوكراوهتهوه، وەزارەتی گهنجینهی ئەمریکا ڕێگریی لە ناردنی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار پارەی کاش بۆ عێراق کردووە کە لە داهاتی فرۆشی نەوت بەدەستهاتووە.
باس لهوه دهكرێت بڕیارەکە بۆ گوشارخستنە سەر گرووپهكانی سهربه ئێران دراوه.
بە پێی زانیاری بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق، ئەم پێشهاتە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تا ئێستا دووهەمین دواکەوتنی گواستنەوەی دۆلارە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق.
هەروەها دابینكردنی پشتیوانی دارایی بۆ هەندێک لە بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەشقی سەربازی بە شێوەیەکی کاتیی ڕاگیراوە.
بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان لەسهر ئهوە کردەوە کە ئەو سنووردارکردنەی خراوەتە سەر ناردنی دۆلار بۆ عێراق هەمیشەیی نییە.
دوێنێش ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی عێراقییەوە، هەواڵی ڕاگرینی پشتیوانی و هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکای بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق پشتڕاست کردەوە.
