لە ٢٢ی نیساندا ڕۆژنامەگەریی کوردی پێی دەنێتە یادی ١٢٨ ساڵەی خۆی، ئەوەش سەرەڕای هەموو کەند و کۆسپەکان دەریدەخات کە کۆمەڵگای کوردی دەیەوێت هاوتەریب لەگەڵ هەموو جیهان، لە داهێنان و پێشکەوتن دوا نەکەوێت.
ڕۆژنامەگەریی کوردی لەپاڵ هەموو ئالنگارییەکان بە درێژایی مێژووی خۆیدا لەوانەش ڕێگری لە ئازادییەکان، چاپ و بڵاوکردنەوەی، ئێستا لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا، جیهانێکی جیاوازی لەبەردەم کراوەتەوە. ئەوە هەم ئاسانکارییە و هەم ئالنگاری.
مامۆستایەکی زانکۆش باس لەوە دەکات، ژیری دەستکرد، یارمەتیدەری هەموو بوارەکانی میدیایی دەبێت و دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نییە کە بە تەواوی پشتی پێ بسپێردرێت.
بە بڕوای د. سادق سەرگەتی، دوای ١٢٨ ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، ڕۆژنامەگەریی کوردی ئێستا شکڵ و شێوازی و ناوەڕۆکێکی پێشکەوتووتری هەیە و لەگەڵ پێشکەوتنی جیهانی دیجیتاڵی خۆی گونجاندووە.
یەکەم دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردى لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرەی پایتەختی میسر، پچڕ پچڕیش بێت، ڕۆژنامەکە دەرچووە.
لە ژێر لۆگۆی ڕۆژنامەکە بە ناوی “کوردستان”، بە هەردوو زمانی کوردی کرمانجی و تورکی نووسرابوو کە ڕۆژنامەکە ١٥ ڕۆژ جارێک دەردەچێت. دەستپێکی یەکەم گوتاریشی بە “بسم الله الرحمن الرحیم” بوو. جگە لە پێناسی کولتووریی و شوناسی کوردی کە بە مەبەستی سەرەکی ڕۆژنامەکە بوو، بە بابەتی هاندانی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی وەک ئامانج لە دەرکردنی ڕۆژنامەکە وەسف دەکرێت.
لەم بارەیەوە مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر سادق سەرگەتی، باس لە قۆناغەکانی پەرەسەندنی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکات و دەڵێت؛ ئەگەر بەر لە ڕاپەڕینی دژی بەعس ڕۆژنامەگەریی کوردی بە نهێنی چاپکراوە، ئێستا دوای ڕاپەڕین ئەوە بە ئازادییە و وەک پیشەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان یاساکانی ڕۆژنامەگەریی لە پەرلەمانی هەرێم پەسەند کراوە و بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ و هەروەها یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣ بۆ مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، بنەما و ماف و ئەرکەکان دیاری کراون.
دکتۆر سادق سەرگەتی ڕایگەیاند، “ڕۆژنامەگەریی کوردی لە مێژووی خۆیدا بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیووە. بەر لە ١٩٩١ ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەرێم، لە چیا بووە بە نهێنی دەرچووە و ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە پڕۆسەی سیاسی و سەربازیی و ڕۆشنکردنەوەی بیروڕای خەڵک. دوای ڕاپەڕین ڕۆژنامەگەریی کوردی وەچەرخانێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیووە”.
ئەو مامۆستایەی بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین پێشی وایە کە گەشەکردن بە ئاراستەی ستوونی و بە ئاراستەی ئاسۆیی لە ڕۆژنامەگەریی کوردییدا هەبووە بەو واتایەی لە ڕووی هەم ژمارە و هەم ناوەڕۆکەوە، وەرچەرخانی گەورە هەبووە لە ڕۆژنامەگەریی کوردییدا.
سەرەڕای ئەوەش، سەرگەتی پێی وایە کە، ئەرک و گوتاری ڕۆژنامەگەری کوردی لە ئاست پێویستدا نییە بۆ دۆخەکە و ناوچەکە، وێڕای ئەو ژمارە زۆرەی کە هەیە.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی، بە قۆناغێکی جیاوازدا و لەژێر کاریگەریی جیهانی دیجیتاڵ و مودێرندا تێپەڕ دەبێت. ئەو بوارەش بەشێک بووە لەو گۆڕانکارییانە و بەبڕوای ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەڵاحەدین، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، لەسەر ئاستی جیهانی هەوڵ هەبوو بۆ خۆگونجاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردیش جیا نەبووە لەو دۆخە و بۆ گەیاندنی زۆرترین و خێراترین زانیاری هاوتەریب لەگەڵ جیهان جووڵاوەتەوە و وتی: “لە کۆتایی ٩٠کانەوە ئێمە توانیمان ببینە خاوەن ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی و، بە پێچەوانەوە میدیاکانمان باویان نەدەما و کاریگەرییان کەم دەبوو”.
هاوکات دکتۆر سادق سەرگەتی پێی وایە کە ژیریی دەستکرد لەگەڵ ئەوەی کە کاریگەری بێ وێنەی لەسەر ڕۆژنامەگەریی هەبووە، بەڵام ناتوانێت جێ پەنجەی مرۆڤ بگرێتەوە.
لەم بارەیەوە وتی: “ژیریی دەستکرد یەکێکە لەو ئامرازانەی کە ئەمڕۆ لەسەرجەم بوارەکاندا بەکار دەهێندرێت و یەکێک لەو بوارانەش میدیایە وەک ئامادەکردنی هەواڵ، پشتڕاستکردنی هەواڵ و دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری و مۆنتاژ و وەرگێڕانیش، بووەتە هاوکارێکی زۆر باشی میدیاکان و ڕۆژنامەوانان. دەکرێت سوود لە ژیریی دەستکرد وەربگیرێت بەڵام بە تەواوی ناکرێت پشتی پێ ببەسترێت. ئەو ئامرازە ئەلیکترۆنیانە ناتوانن بگەنە ئاستی توانای مرۆیی، چونکە لە کۆتاییدا ئەوەی لە ژیریی دەستکرد هەیە، مرۆڤەکان پێیان بەخشیووە”.
لە دەیەی ڕابردوودا بە هۆی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و بەم دواییانەش جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێم، دۆخی جەنگی لە ناوچەکەدا زاڵ بووە و ئەوەش پێویستی بە لێهاتوویی و تایبەتمەندی جیاوازی ڕۆژنامەگەریی بە هەموو ژانەرەکان هەیە. نەبوونی ئەو تایبەتمەندییە و لاوازیی لە گەیاندنی زانیاری بووەتە جێی ڕەخنەی زۆربەی شارەزایان و توێژەرانی ئەو بوارە و بگرە هاووڵاتیانیش.
دکتۆر سادق سەرگەتی لەم بارەیەوە وتی: “لە دۆخی جەنگییدا میدیای کوردی هەوڵیداوە کە ڕۆڵی هەبێت لە ڕووماڵکردن، بەڵام بە داخەوە لە هەرێم چونکە ڕۆژنامەنووسی تایبەتمەند و میدیای تایبەتمەند نەبووە لە بواری جەنگ، بۆیە کەموکوڕیمان زۆر بووە لە بوارەکەدا، هەندێکجار نەک خزمەتیان بە دۆخەکە نەکردووە، لەوانەیە بە نەرێنیش بەسەر کۆی کۆمەڵگای کوردی بە بوارەکانی سەربازیی، سیاسی، ئەمنی و ئابووری شکابێتەوە. لەو شەڕەی دواییشدا میدیای کوردی تا ئاستێک توانیووێتی ڕووماڵی بکات بەڵام دواجار بە هۆی ئاستی نەزمی پڕۆفشناڵی ڕۆژنامەنووسەکان لە بواری سەربازیی و نەبوونی پسپۆڕی میوانەکان لە بواری سەربازیی، ڕووماڵی ڕووداوەکان کەموکوڕی زۆر پێوە دیار بوو.
وتیشی، لە هەوڵدادەبن بۆ ئەوەی بە ڕێگەی خوولی پیشەیی و ڕاهێنان، هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی توانای ڕۆژنامەنووسان بدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخێکی ئاوا.



