مەسرور بارزانی: پابەندین بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەک هەمیشە پابەندن بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری راگەیاندن و رۆژنامەوانی و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ راگەیاندنکاران.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی
بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان)، لەلایەن میر میقداد مەدحەت بەردخان، کە هاوکات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، پابەندە بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ ڕاگەیاندنکاران، لە هەمانکاتدا ئومێدەوارین ڕاگەیاندنکارانی بەڕێزیش، لە ئاست پیشە و ئەرکی گرنگی ڕاگەیاندندا بن و بەشێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە، كاری خۆیان ئەنجام بدەن و یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگێڕن.

ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو ڕاگەیاندنکارانی کوردستان پیرۆز بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/4/22

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە