شیعەکان سێ سیناریۆیان لە پێشە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران

چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگین بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، یان ئەوەتا کاندید دیاری دەکرێت، یان سەرلەنوێ بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی ماڵی شیعەوە، جارێکی دیکە دوادەخرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان جارێکی دیکە دەربارەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران کۆبێتەوە کە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو پێکهاتەیەی قووڵ کردووتەوە.

سێ سیناریۆی سەرەکی بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەئارادایە؛

سیناریۆی یەکەم: سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر “کاندیدی سازان” کە جێگەی ڕەزامەندی زۆربەی لایەنەکان بێت، بەمەش ڕێگە خۆش دەبێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ کاندیدەکە پێشکەشی سەرۆک کۆمار بکرێت بۆ ڕاسپاردنی.

سیناریۆی دووەم: پەنابردن بۆ دەنگدانی زۆرینە لە ناوخۆی چوارچێوەکەدا. پێشنیازێک هەیە کە کاندیدەکە پێویستی بە (٨) دەنگ هەبێت لە کۆی (١٢) دەنگ، بەڵام ئەم میکانیزمە هێشتا مشتومڕی لەسەرە و یەکلایی نەکراوەتەوە.

سیناریۆی سێیەم: بەردەوامی ناکۆکییەکان و دواخستنی بڕیاردان بۆ کاتێکی نادیار، ئەمەش دەبێتە هۆی درێژەخایەنبوونی چەقبەستوویی سیاسی لە وڵاتدا.

بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، کۆبوونەوەی پێشوو بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر “میکانیزمی دەنگدان” بێ ئەنجام کۆتایی هات، لە کاتێکدا ململانێکان تەنها لەنێوان دوو کاندیددا کورت بوونەتەوە.

لەو بارەیەوە، وائیل ڕکابی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند،  کێشەی سەرەکی لەسەر شێوازی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سازانە.

لە لایەکی دیکەوە، موشریق فرێجی، ئەندامی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکاتدوو بژاردەی بۆ چارەسەر خستە ڕوو: یان گەڕانەوە بۆ کاندیدی “گەورەترین فراکسیۆن”، یان سپاردنی ئەرکی هەڵبژاردنی کاندیدەکە بە “دەستەی گشتی” کە نوێنەرانی پەرلەمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەگرێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە