پەرلەمانتارێكی كورد چەند بڕیاریك دەربارەی دابین كردنی پێویستییەكانی نەخۆشخانەی هیوا ئاشكرادەكات و دەشڵێت: چەندین جۆری دەرمانی پێویست و گرنگ دابین دەكرێت.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بە مەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانی کەمی دەرمان و کەمکردنەوەی ئازارەکانی نەخۆشانی خۆشەویست لە نەخۆشخانەی هیوا، لەسەر پێشنیاری ئێمە و بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری تەندروستی عێراق، نوێنەرانی نەخۆشخانەی هیوا و هاوکارم پەرلەمانتار (براکۆ شەهید شێرکۆ)، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش و یەکلاکەرەوە لە وەزارەتی تەندروستی ئەنجامدرا.
دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا، بە ڕاشکاوی تیشکمان خستە سەر ئەو ئاستەنگ و ڕۆتینە بێزارکەرانەی دەبنە هۆی دواکەوتنی بەشە دەرمانی نەخۆشخانەکە. خۆشبەختانە و پاش پێداگرییەکی زۆر، ئەم بڕیارانە دران:
١- کەمکردنەوەی ڕۆتین: کارئاسانی تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی دەرمان بە خێراترین کات بگاتە دەستی نەخۆش.
٢- زیادکردنی دەرمان: دابینکردنی چەندین جۆری دەرمانی پێویست و گرنگ بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
٣- پلانی داهاتوو: ئامادەکارییەکان دەستیپێکرد بۆ زیادکردنی بەشە دەرمانی نەخۆشخانەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٧.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەم دەستکەوتە دەرەنجامی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی پێشوومان بوو لەگەڵ وەزیری تەندروستی، تا بگەینە لێکتێگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان وەزارەت و نەخۆشخانەکە. هەمیشە لە خزمەتی خەڵک و کەرتی تەندروستیدا دەبین.

