بەهۆی زۆری بارانبارین لەئەمساڵدا بڕی ئاوی کۆکراوەی پۆند و بەنداوەکانی بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، بەجۆرێک لەکۆی 25 بەنداو 22 بەنداو لەهەرێمی کوردستان سەرڕێژبوون و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ ببێت.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لەهەرێمی کوردستان 25 بەنداومان هەیە کە تا ئێستا 22 بەنداویان سەرڕێژ بوون و سێ بەنداویش ماون سەرڕێژ ببن، کە بریتین لە بەنداوەکانی (دەربەندیخان و دوکان و گۆمەسپان).
راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لەچەند رۆژی داهاتوودا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ ببێت و بەنداوی دوکانیش کەمتر لە 5 مەتری ماوە بەشێوەیەکی ستونی بۆ سەرڕێژبوون، هیوادارین بتوانیین لەکۆتایی وەرزی گلدانەوەی ئەمساڵ بگەینە ئاستی باش لەو بەنداوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی زۆری ئاستی ئاوی کۆکراوە لە بەنداو و پۆندەکان، دەتوانین بڵێین بۆ ئەمساڵ هەرێمی کوردستان لە دۆخی ئاسایشی ئاو لە ساڵێکی سەلامەتدایە، کە لە بواری کشتوکاڵ و ئاوی ژێر زەوی چەندین بواری دیکەدا سوودێکی زۆر لەو سەرچاوەی ئاوانە وەردەگیرێت.
