دابەشکردنی ئاو لە هەولێر دەستپێدەکاتەوە

دوای پچڕانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر مژدەی دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی ئاو بەسەر گەڕەکەکانی شارەکەدا دەدات، بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش دەڵێت، بەهۆی وەستانی بارانبارین، تیمەکانیان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی هەر ئەمڕۆ کێشەی بێئاوی چارەسەر بکەن.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی لێڵبوونی ئاوی ڕووبار و سەرچاوە سەرەکییەکان، دابەشکردنی ئاو لە شاری هەولێر ڕاگیرابوو، ئەمەش نیگەرانی لای بەشێک لە هاووڵاتییان دروست کردبوو.

رابەر حسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی ئەو گرفتە بارانبارینی زۆر و بەخوڕ بووە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، کە بووەتە هۆی لێڵبوونی سەرچاوەکانی ئاو و ڕاگرتنی پڕۆژەکانی پاڵاوتن.

باسی لەوەش کرد، لەگەڵ وەستانی بارانبارین، ئەگەر بارودۆخەکە بە جێگیری بمێنێتەوە، هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ تا هەر ئەمڕۆ سێشەممە پرۆسەی دابەشکردنی ئاو دەستپێبکاتەوە و ئاوی پاک بگاتەوە دەست تەواوی دانیشتووانی گەڕەکەکانی هەولێر.

زۆرینەی دانیشتووانی شاری هەولێر ئاوی پاکیان لە ڕێگەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا و هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز 1، 2 و 3 بۆ دابین دەکرێت، سەرچاوەی سەرەکی ئەم پڕۆژانە زێی گەورەیە، بەڵام یەکێک لە کێشە هەمیشەییەکان ئەوەیە کە لە کاتی بارانبارینی بەهێزدا، ئاوی زێیەکە بە ڕادەیەکی زۆر لێڵ و قوڕاوی دەبێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کاتی کارەکانی پاڵاوتن و ناردنی ئاو بۆ ناو شار پەکدەخات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە