دوای کۆتایی هاتنی شەپۆلە بارانە سەرەکییەکە، ئێستادا ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، تاوە بارانی بەهاریی کورتخایەن ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری شارۆچکە و شارەدێکانی ئەو ناوچانە بگرێتەوە. بە تایبەت لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ئەگەری بارانبارین زیاترە، هەروەها لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک ئەگەری نمە باران و هەورە تریشقە هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو کە خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ کەمێک ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.
سەبارەت بە سبەینێ چوارشەممە، کەشناسی ڕایگەیاند، ئاسمانی ناوچەکە لە ساماڵ و پەڵە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەگەری گەواڵە بارانی بەهاری لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام دابارینەکە بە شێوەی ناڕێک دەبێت؛ بە جۆرێک ڕەنگە لە ناوچەیەک باران ببارێت و لە ناوچەیەکی تری نزیک لێی بێ باران بێت.
ڕوونیشیکردەوە کە ئاراستەی با دەگۆڕێت بۆ باکووری ڕۆژهەڵات و مەودای بینین لە نێوان 9-10 کیلۆمەتردا دەبێت.
کەشناسی ڕاشیگەیاند، پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان کەمێک ڕوو لە بەرزی دەکەنەوە. بۆ نموونە هەولێر دەگاتە 22ی سیلیزی و دهۆک و سۆران بەرز دەبنەوە بۆ 20ی سیلیزی، بەڵام لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە و هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن.
بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسی بە گشتی، کەشەکە بەرەو جێگیربوون دەچێت، بەڵام دیمەنە بەهارییەکە و تاوە بارانە کتوپڕەکان لە ناوچە شاخاوییەکان هێشتا بەردەوامن.
