ئەمنییەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی “جۆن کێنیدی” لە نیویۆرک، گەنجێکی چینی تەمەن ٢١ ساڵانیان بە ناوی (تیانروی لیانگ) دەستگیرکرد. ناوبراو تۆمەتبارە بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی وێنەی فڕۆکە سەربازییە هەستیارەکانی لە بنکەی ئاسمانی “ئۆفۆت” لە ویلایەتی نیبراسکا گرتووە، کە یەکێکە لە گرنگترین بنکەکانی فەرماندەیی ستراتیژیی ئەمریکا.
بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، لێکۆڵینەوەکان دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە شایەتحاڵێک ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی کەسێک بە کامێرایەکی پێشکەوتووەوە خەریکی وێنەگرتنی فڕۆکەکانە لە نزیک بنکە سەربازییەکە.
لیانگ وێنەی فڕۆکەی سیخوڕی جۆری RC-135 و فڕۆکەی E-4B ی گرتووە کە بە “فڕۆکەی ڕۆژی دوایی” ناسراوە.
تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە پلانی هەبووە بچێتە ویلایەتی ئۆکلاهۆما بۆ وێنەگرتنی فڕۆکەی زیاتر لە بنکەی ئاسمانی “تینکەر”.
تۆمەتبارەکە کە خوێندکارە لە زانکۆی گلاسگۆ لە سکۆتلەندا، لە ڕێگەی کەنەداوە چووەتە ناو خاکی ئەمریکا. دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو یاسای فیدراڵیی پێشێل کردووە کە وێنەگرتنی دامەزراوە بەرگرییەکان بەبێ مۆڵەت قەدەغە دەکات. هەرچەندە لیانگ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە وێنەکان بۆ “کۆکراوەی کەسیی خۆی” بووە، بەڵام لێکۆڵەران دەڵێن ئەو بە زانیارییەوە و بە مەبەست ئەو کارەی کردووە.
فڕۆکەی “ڕۆژی دوایی” کە ناوی Boeing E-4B Nightwatchـە، یەکێکە لە سەیرترین و گرنگترین ئامرازە بەرگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم فڕۆکەیە وەک “کۆشکی سپیی گەڕۆک” سەیر دەکرێت لە کاتی تەنگانەدا.
ئەم فڕۆکەیە تایبەت دیزاین کراوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری ڕوودانی جەنگی ئەتۆمی، کارەساتە سروشتییە گەورەکان، یان هەر هێرشێک کە بنکە سەربازییە زەمینییەکان لەناو ببات، وەک ناوەندێکی فەرماندەیی باڵا بەکاربێت. سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری بەرگری و بەرپرسانی باڵا دەتوانن لە ناو ئەم فڕۆکەیەوە سەرکردایەتی سوپا و وڵات بکەن.
