لە کاتێکدا جیهان چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دەکات، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەستپێکردنەوەی جەنگ بەدوور نازانێت.
موحسینی ئاژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دوژمن هەرگیز کەم نییە؛ دەبێت سەد لە سەد ئامادە بین.
وتیشی: “باوەڕی دوژمن وابوو کە لە ماوەیەکی کورتدا و بەپێی هەژمار و هەنگاوەکانی، دەگات بە ئامانجەکانی، دوژمن بە هیچ شێوەیەک نەگەیشتووەتە ئەو ئامانجانەی کە مەبەستی بوو. ئەو دوژمنەی کە ئامانجی هەبوو و هەوڵی بۆ دا، بێگومان دەست لە کردەوەکانی خۆی هەڵناگرێت”.
ئەم لێدوانەی ئاژیی لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی تاران و واشنتۆن لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکەنەوە و سبەینێش وادەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە کۆتایی دێت.
