سبەینێ دوا وادەیە بۆ شیعەکان

ململانێکانی شیعەکان لە سەر پۆستی سەرۆک وەزیران لە نێوان دوو کاندیددا چڕ بووەتەوە و بڕیارە سبەینێش ناوی کۆتایی ڕابگەیەنرێت.

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە تا درەنگانێکی شەوی ڕابردوو بەردەوام بوو، بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران کۆتایی هات.

سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لەو کۆبوونەوەیەدا پرسەکە یەکلا بکرێتەوە، بەڵام جیاوازیی بۆچوونەکان بووە هۆی دواخستنی بڕیارەکە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو.

محەمەد حوسام حوسێنی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا دوو ناو وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پێشنیاز کران، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی وەک کاندیدی کۆتایی دەستنیشان بکرێن. بەهۆی ئەم دۆخەوە، بڕیار درا کە کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی چوارشەممە دوابخرێت تاوەکو گفتوگۆی زیاتر بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، عەباس عامری سکرتێری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کرد کە کەشوهەوای کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا کاتی زیاتریان پێویستە بۆ لێکتێگەیشتن و کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان لایەنەکان. بڕیار وایە گفتوگۆکان لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام بن بە مەبەستی گەیشتن بە کاندیدێکی تەوافوقی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەدا.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا کە پاڵپشتییەکی فراوانی لایەنەکان و هەندێک هێزی ناوخۆیی و هەرێمی هەیە کاندیدێکی بەهێزە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکە بۆ خولی دووەم.

لە بەرامبەریشدا ناوی باسم بەدری دێت کە وەک ڕکابەرێکی سەرەکی و کاندیدی جێگرەوەی نووری مالیکی ناوی دەهێنرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە