چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی حەکیم کۆدەبێتەوە؛ کاندیدی سەرۆکوەزیران یەکلایی دەکرێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦)، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتێکردنی پرسی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە بەڕێوەچوو، تێیدا سەرجەم سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ جیاوازی ئامادە بوون.
عامر فایز، پەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆنی “تەسیم”، پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە کۆبوونەوەکە بەردەوامە و ئامانج لێی گەیشتنە بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کاندیدی پێکهێنانی حکومەت. ناوبراو ڕوونیکردەوە:
ڕاگەیاندنی کاندیدی سەرۆکوەزیران بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی نێوان هەر ١٢ لایەنەکەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی.
ئەگەر لایەنەکان بگەنە ئەنجامی کۆتایی، هەر ئەمشەو کاندیدی نوێ ڕادەگەیەنرێت.
لە هەمان کاتدا، ئەگەری دواخستنی بڕیاری کۆتایی هێشتا لە ئارادایە ئەگەر تەوافوقی تەواو دروست نەبێت.
