عێراق دەروازەیەكی سنووريی لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان كردەوە

 

دوای نزیكەی 13 ساڵ مانەوەی بە نیمچە داخراوی بەهۆی ئەو دۆخی ئەمنی و سەربازییەی كە یەك دەیەی رابردوو بەخۆیەوە بینی، ئەمڕۆ دەروازەی سنوری (رەبیعە- یەعروبیە) لەنێوان عێراق و سوریا (پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان) كرایەوە.

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی مەرزی ڕەبیعەمان لەگەڵ سووریا کردەوە، كە کردنەوەی مەرزەکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی داهات و بوژانەوەی ئابووری ناوچەکە.

مەرزی رەبیعە لە دیوی عێراق دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا و لە دیوی سووریا دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە سەر بە ڕۆژئاوای کوردستان.

پێشبینی دەكرێت لە قۆناغی یەكەمدا، رۆژانە نزیكەی (هەزار) بارهەڵگر لەم دەروازەیەوە هاتووچۆ بكەن، ئەمەش لە هەنگاوێكدا كە ئامانج لێی زیندوكردنەوەی بازرگانییە لەنێوان عێراق و سووریادا.

سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری دەستەی گشتی گومرگەكانی عێراق رایگەیاند، دەروازەكە بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ كاركردن و دەكرێت دواتر توانای كاركردنی زیاتریش بكرێت.

بازرگانی لەم دەروازەیە، جگە لە ئاڵوگۆڕی جۆرە جیاوازەكانی كاڵا و هاتووچۆی گەشتیاران، بەمدواییە هەناردەی نەوتی عێراقیشی لەرێگەی تانكەرەوە بۆ زیاد بووە.

رەبیعە سێیەم و دواین دەروازەی سنوری نێوان عێراق و سووریایە كە كرایەوە، پێشتر و دوای كەوتنی رژێمی ئەسەد دەروازەكانی (قائیم- بوكەمال) و (وەلید- تەنەف) كرانەوە.

لەگەڵ كردنەوەی دەروازەكەدا، تانكەرەكانی سووتەمەنی عێراق بەرەو پاڵاوگەی (بانیاس)ی سووریا بەرێكەوتن، كە ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ئەمدواییەی نێوان بەغدا و دیمەشقدایە.

 

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە