حاجییانی كوردستان قەرەبوو دەكرێنەوە

 

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، لیژنەیەک خەمڵاندن بۆ بڕی پارەی قەرەبووی حاجییان دەکات و هەرچەندێک دیاری بکرێت، دەگەیەنرێتەوە دەست حاجییان. یەکەم گەشتی حەجیش لە رۆژی ٦ـی ئایار دەستپێدەکات.

کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، کە لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی بڕی پارەی قەرەبووی حاجییان پێکهاتووە و هەر بڕە پارەیەک دیاری بکرێت، دەگەیەنرێتەوە دەست حاجییان.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکانی حەج لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەنجامدراون، پرۆسەی گەڕانەوەی پارەکە دوای تەواوبوونی فەریزەی حەج دەبێت.

وتیشی، ساڵی رابردوویش حاجییان قەرەبوو کراونەتەوە و هەر حاجییەک بڕی ٨٠٠ هەزار دیناری بۆ گەڕێندراوەتەوە.

سەبارەت بە شێوازی گەشتەکە، ستونی روونیکردەوە، کە سەرەتا بڕیار درا گەشتەکە بە ڕێگەی ئاسمانی بێت بۆ بەرژەوەندی و سەلامەتیی حاجییان، بەڵام دواتر هاوشێوەی عێراق بڕیاردرا گەشتەکە بە ڕێگەی وشکانی ئەنجام بدرێت.

وتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەکرد، کە لە ئێستادا لە سەروبەندی ئامادەکاریی کۆتاییدان و لە رۆژی ٦ـی ئایار یەکەم گەشت دەستپێدەکات، كە کۆی گشتی پێنج هەزار و ١٢٠ کەس لە تەواوی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەمساڵ گەشتی حەج ئەنجام دەدەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە