پۆلیسی دارستانی سلێمانی دوو کەسی بەتۆمەتی بڕینی داری سروشتی و تەختکردنی زەوی بەنایاسایی دەستگیرکرد و تۆمەتبارێکی دیکەش خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە لایەن مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی عەربەتەوە دوو کەس بەتۆمەتی بڕینەوەی داری سروشتی و تەختکردنی زەوی بە نایاسایی لە سنووری دۆڵی دووکانیان دەستگیرکران.
ڕوونیشیکردەوە کە دەستیش گیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا کە دار بەڕووی بڕاوەی پێ بووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی .
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند، لە مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ماوەت لە سنوری گوندی میراوا بینیان دوو دار بەڕووی بەتەمەن قەدەکانیان پاککراون بەمەبەستی وشک بوونیان.
ئەوەشی خستەڕوو کە پاش لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون توانرا زانیاری لەسەر کەسی تۆمەتبار کۆبکرێتەوە و دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن، تۆمەتبارەکە خۆی ڕادەستی بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت کردووە.

