شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێکی بەهێزی باران و “سۆپەرسێڵ” ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
زەکەریا کانی پاشایی، پێشبینیکاری کەشناسی بە خەڵك-ی ڕاگەیاند، لە دوای نیوەڕۆی سبەینێ دووشەممەوە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی چڕبوونەوەی هەورە کەڵەکەبووەکان و دروستبوونی هەوری بەهێزی جۆری “سۆپەرسێڵ”، کە مەترسیی بارانی توند و تەرزەی لێ دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت سبەینێ بارانی بەهێز و هەوری سۆپەرسێڵ ئەم ناوچانە بگرێتەوە:
بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.
پارێزگای سلێمانی، قەرەداغ و دەربەندیخان.
تەواوی ناوچەکانی گەرمیان (باکور، ناوەند و باشوری گەرمیان).
پارێزگاکانی کەرکوک و هەڵەبجە.
کانی پاشایی دەشڵێت، لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم شەپۆلەدا، پلەکانی گەرمی ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن. هاوکات خێرایی با لە نێوان ١٠ بۆ ٢٢ کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت و بە شێوەیەکی مامناوەند چالاک دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو پێشبینیکارە، ئەم بارودۆخە ناسەقامگیرە تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی پێ دێت. بۆ ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، کەشوهەوا جێگیر دەبێت و گونجاو دەبێت بۆ چوونەدەرەوە و گەشتوگوزار.
هاوکات، زەکەریا کانی پاشایی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە، قۆناغێکی تری بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.
