ئەمڕۆ یەکشەممە (19ی نیسانی 2026) بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بڕیاری دا 10 بوتڵی غازی چێشتلێنان بۆ هەر فرۆشیارێکی گەڕۆكی غاز لە هەر گەیاندنێکدا تەرخان دەکات، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتیان و خاوەن چێشتخانەکان بفرۆشرێن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە کارتی سووتەمەنی هەبێت.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، “حسێن تالیب، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بڕیاری داوە بە تەرخانکردنی 10 بوتڵی غازی چێشتلێنان بۆ هەر فرۆشیارێکی گەڕۆك (بریكار) بۆ هەر وەجبەیەكی دابەشكردنی غاز”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “ئەم بوتڵانە بۆ ئەوە دەبێت ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتیان یان خاوەن چێشتخانەکان بفرۆشرێن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە کارتی سووتەمەنی هەبێت و بەم شێوەیە کۆمپانیاکە ڕۆژانە 20 هەزار بوتڵ بۆ خاوەن چێشتخانەکان دابین دەکات”.
کۆمپانیاکە داوای لە “فرۆشیارانی گەڕۆك (بریكارانی غاز) کردووە غازی چێشتلێنانەکەیان باربکەن”، هۆشداریشیدا لەوەی “ئەوانەی سەرپێچی دەکەن یان پابەند نابن، ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی یاسایی ڕێگری دەبنەوە بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان هەردوو لایەن واژۆکراوە”.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا خواست لەسەر غازی چێشتلێنان زیادی کردووە و چەندین سکاڵا لەلایەن خاوەن چێشتخانەکانەوە سەبارەت بە دابینکردنی سنووردار و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە هەندێک ناوچەدا.
