شارەزایەكی كەشناسی باسی دیاردەی تەرزەی بەهاری و ڕاستییەکان دەربارەی قەبارە گەورەکەی دەكات و دەشڵێت: هەركات هەورەبروسكە لەسەریەك هات نیشانەی بارینی تەرزەیە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) دەڵێت:هەوری “کۆمۆلۆنیمبۆس” بەرپرسە لە بارانی بەخوڕ، هەورە بروسکە و تەرزە.
تەرزە چۆن دروست دەبێت؟
لەم وەرزەدا بەهۆی جیاوازی زۆری پلەی گەرمی نێوان زەوی (کە گەرمە) و چینە بەرزەکانی ئاسمانی (کە ساردن)، هەوری “کۆمۆلۆنیمبۆس” دروست دەبێت؛ ئەم هەورە بەرپرسە لە بارانی بەخوڕ، هەورە بروسکە و تەرزە.
کەی ئەگەری تەرزەی گەورە هەیە؟
هەرچەندە جیاوازی پلەی گەرمی نێوان زەوی و چینە بەرزەکان زیاتر بێت، ئەگەری دروستبوونی تەرزەی قەبارە گەورە زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە ناوەڕاستی بەهار بەولاوە کە ڕۆژەکان درێژتر دەبن.
ئایا پێشبینییەکان %100 وردن؟
نەخێر، پێشبینیکردنی تەرزە بە وردی کارێکی ئەستەمە، چونکە زۆرجار بە شێوەی “لۆکاڵ” دەبێت؛ واتە ئەگەر هەیە گەڕەکێک یان گوندێک بگرێتەوە و شوێنێکی تەنیشتی بێبەش بێت.
نیشانەی بارینی تەرزە چییە؟
گرنگترین ئاماژە بۆ بارینی تەرزە، هەبوونی “هەورە بروسکەی یەک لەدوای یەک و بەردەوامە”؛ لەو کاتانەدا پێویستە هاوڵاتیان وریای خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان بن.
دوورکەوتنەوە لە ترساندن:
لە سۆشیاڵ میدیا زۆر باس لە تەرزەی قەبارە گەورە دەکرێت و خەڵک دەترسێنرێت، بەڵام پێویستە بزانرێت کە ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە و تەنها لە هەندێک شوێنی دیاریکراو ڕوو دەدات، نەک هەموو ناوچەکان.
پێشبینی ئەم چەند ڕۆژە:
شەپۆلی تاوە باران و هەورە بروسکە و تەرزە تا درەنگانی سێشەممە بەردەوام دەبێت. بۆ سبەینێ دووشەممە شەپۆلەکە چڕتر دەبێتەوە و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.
