“لە کۆی 25 بەنداو 22یان سەرڕێژیان کردووە”

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە ئەنجامی زۆریی ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ، نزیکەی حەوت ملیار مەترسێجا ئاو لە بەنداو و پۆندەکان کۆکراوەتەوە و لەڕووی ئاسایشی ئاوەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵێکی سەلامەتدایە.

هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، “لە کۆی ئەو 25 بەنداوەی لە هەرێمی کوردستان هەن (گەورە و بچووک و مامناوەند)، 22 بەنداو بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵەوە بەتەواوی سەرڕێژیان کردووە”.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئاستی ئاوی هەر سێ بەنداوی دوکان، دەربەندیخان و گۆمەسپان زۆر زیادیکردووە، بەڵام بەهۆی کاریگەریی وشکەساڵیی ساڵانی پێشووەوە هێشتا سەرڕێژیان نەکردووە.

هیوا عەلی وتیشی: “هەر بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارین و ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەشوهەوادا ڕوویانداوە، جگە لە بەنداوەکان، سەرجەم پۆند و ڕێڕەوە ئاوییەکان لە هەرێمی کوردستان بووژاونەتەوە. بەمەش زیاتر لە حەوت ملیار مەترسێجا ئاو کۆکراوەتەوە”.

ڕاشیگەیاند، پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەو جۆرەیە تا کۆتایی مانگی پێنج، بەردەوام دەبێت لە کۆکردنەوەی ئاو.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وتیشی: “بەهۆی زۆریی ئاستی ئاوی کۆکراوە لە بەنداو و پۆندەکان، دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە دۆخی ئاسایشی ئاو لە ساڵێکی سەلامەتدایە، هەروەها لە بواری کشتوکاڵ و چەندین بواری دیکەدا سوودێکی زۆر لەو سەرچاوانەی ئاو وەردەگیرێت”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە