هەوڵەکان لە پەرلەمانی عێراقدا چڕکراونەتەوە بۆ جێگیرکردنی بڕگەیەکی تایبەت بە دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان لە چوارچێوەی بودجەی گشتی ئەمساڵدا.
کازم جیزانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند جووڵەیەکی جددی لەناو پەرلەمان دەستیپێکردووە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ خاوەن بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان و ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە نزیکەی 43 هەزار کەسە. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەکی زۆر داواکاری و سکاڵا لەلایەن ئەو دەرچووانەوە پێشکەش کراوە کە لە وەجبەکانی ڕابردوودا ناویان نەهاتووەتەوە.
ئەم هەوڵە پەرلەمانییە پشت بە چەند یاسایەکی کارا دەبەستێت، لەوانە، یاسای ژمارە 59ی ساڵی 2017ی تایبەت بە دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان و یاسای ژمارە 67ی ساڵی 2017ی تایبەت بە دامەزراندنی یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکان لەگەڵ ماددەی 52 کە دامەزراوە حکومییەکان پابەند دەکات بە دابینکردنی پلەی وەزیفی بۆ ئەم توێژانە.
جیزانی ڕوونی کردەوە کە پێشنیارەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە بریتین تەرخانکردنی پلەی وەزیفی زیاتر بۆ خاوەن بڕوانامەکانی (دکتۆرا و ماستەر) لە بەرامبەر پلەی دیاریکراو بۆ یەکەمەکان هەروەها کارکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست و کاراکردنی فۆرمی دامەزراندن.
پەرلەمانتارەکە ڕاشیگەیاند، پێشنیاز کراوە لیژنەیەکی پەرلەمانی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنی وردی پرۆسەی دامەزراندنەکە تا بە تەواوی کۆتایی دێت و ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ سوودوەرگرتن لە توانای زانستیی گەنجان و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە کادیری پسپۆڕ و لێهاتوو.
