ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لە ڕێککەوتن نزیک دەبنەوە

ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لە ڕێککەوتن نزیک دەبنەوە و یەکشەممە لە پاکستان کۆدەبنەوە.

 ماڵپەڕی هەواڵیی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، واشنتن و تاران هەنگاوی گرنگیان بەرەو ڕێککەوتن ناوە و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، خولێکی نوێی گفتوگۆکان لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێ بکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، هەردوولا دانوستان لەسەر پلانێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، کە تێیدا باس لە چەند هەنگاوێک کراوە، لەوانە ئەگەر هەیە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێت. لە بەرامبەر ئەو پارەیەدا، پێویستە ئێران دەستبەرداری ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە بێت کە هەیەتی.

هەربەپێی ئەکسیۆس،  پێشنیازێک هەیە بۆ گواستنەوەی بەشێک لە یۆرانیۆمی “زۆر پیتێنراو” بۆ وڵاتێکی سێیەم، لەگەڵ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی بەشەکەی تری ژێر چاودێری نێودەوڵەتی.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تاران داوای زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار دەکات و دەیەوێت بە تەواوەتی بچێتە ناو سیستەمی دارایی جیهانییەوە. لە هەمان کاتدا، تاران هێشتا دوودڵە لە دەستبەرداربوونی تەواوەتی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی یان بڕینی پشتگیرییەکانی بۆ گروپەکانی وەک حەماس.

ئەم گفتوگۆیانە بە نێوەندگیری ڕاستەوخۆی پاکستان و بە پشتگیری ناڕاستەوخۆی وڵاتانی میسر و تورکیا بەڕێوە دەچن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە.

ئەم پێشهاتە سیاسییانە هاوکاتن لەگەڵ دوو گۆڕانکاری گرنگ لە مەیدانی کاردا،  عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستی لوبنان، گەرووی هورمز بە ڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی ئێرانی کرد بۆ ئەم هەنگاوە، بەڵام هۆشداری دا کە “گەمارۆ دەریاییەکان” بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و ١٠٠٪ لەگەڵ تاران.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە