ئاگادارییەک لە هاتوچۆی سلێمانییەوە بۆ شۆفێران؛ لۆدێکی زۆر لەسەر تونێلی پێشڕەو دروستبووە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی شۆفێران و هاووڵاتییان دەکات و داوایان لێدەکات بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی، ڕێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.
بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکان، لۆد و فشارێکی زۆر لەسەر تونێلی پێشڕەو دروستبووە. هاتوچۆ داوا لە شۆفێران دەکات:
لە ئێستادا بەرەو تونێلی پێشڕەو نەرۆن.
ئەو شۆفێرانەی لەو سنوورەن، ڕێگای شاخی ئەزمەڕ وەک ڕێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.
هاتوچۆی سلێمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە شۆفێران دووربکەونەوە لە دیاردەی پەلەپەلکردن و ڕۆیشتن لە ساید و ئاراستەی پێچەوانە، بۆ ئەوەی دووچاری ڕووداوی نەخوازراو نەبن و گیانی گەشتیاران پارێزراو بێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە بەیانییەوە تاوەکو ئێستا، ئەفسەران و کارمەندانی بنکەی هاتوچۆی ئەو سنوورە، بازگەکان و چەندین مەفرەزەی تر لە ئەرکدان و بەردەوامن لە ڕێکخستنی هاتووچۆ و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان.
