ئەنجومەنی باڵای فەتوا: نوێژی هەینی لە دەشت و دەر بەتاڵە و نابێت گەشتیاران بۆ خۆیان ئەنجامی بدەن.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی شەرعی لەبارەی ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە کاتی گەشت و سەیراندا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو نوێژەی لە دەشت و دەر بە گروپ ئەنجام دەدرێت، بەتاڵە.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا ئاماژەی بەوە کردووە، هەر کەسێک دوای نوێژی بەیانی ڕۆژی هەینی لە شار دەرچێت، نوێژی هەینی لەسەر واجب دەبێت. بۆیە داوا دەکات هاووڵاتییان یان سەفەرەکەیان بخەنە دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی، یان لە ڕێگایاندا لەو مزگەوتانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە نوێژەکەیان بکەن.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی نوێژی هەینی ئەوەیە کە دەبێت لەناو “ئاوەدانی” و لەو “مزگەوتانەدا” بێت کە ڕەزامەندی فەرمییان هەیە، بۆیە:
ناکرێت گروپێک بۆ خۆیان لە دەشت و دەر مەراسیمی نوێژی هەینی ئەنجام بدەن.
ئەگەر گروپێک لە دەرەوەی ئاوەدانی و مزگەوت نوێژەکە بکەن، بەپێی شەریعەت نوێژەکەیان بەتاڵە.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا هاوشانی ڕێنماییە شەرعییەکان، داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات کە گرنگی بە پارێزگاریکردن لە ژینگەی کوردستان بدەن و لە کاتی گەشتەکانیاندا پاکوخاوێنی شوێنە گشتییەکان بپارێزن.
