ئامادەکارییەکان بۆ ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەستیپێکرد.
ڕۆژنامەی “هائارتس”ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی ناوخۆ ئامادە دەکات. بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، فەرماندەکانی سوپا ڕێنمایییان پێدراوە کە هێزە بڵاوکراوەکانیان لە باشووری لوبنان بۆ دۆخی ئاگربەست ئامادە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان جەختی لەوە کردەوە کە ڕاگرتنی شەڕ دەروازەیەکی سروشتییە بۆ هەر دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل. گرنگترین خاڵەکانی لێدوانەکەی سەرۆکی لوبنان ئەمانەن:
دانوستانی سەروەری: تەنها دەسەڵاتە فەرمییەکانی لوبنان مافی بەڕێوەبردنی دانوستانەکانیان هەیە و ئەمە پرسێکی نیشتمانییە.
کشانەوەی هێزەکان: کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە خاکەکانی لوبنان هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست و گەڕانەوەی سوپای لوبنان بۆ سەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان.
سەروەری یاسا: حکومەت بڕیارەکانی تایبەت بە حەصری چەک (تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت) جێبەجێ دەکات، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات.
هاوکات، باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی مێژوویی دەکرێت لە نێوان سەرکردەکانی لوبنان و ئیسرائیل بە چاودێری دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە.
